دەربارەی ئێمە

2022/06/14 - 08:23
425

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە بەها سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا بەبێ گەیشتن بە سەربەخۆیی نایەنە دی، سەربەخۆیی بۆ مرۆڤ، بە تاک و کۆمەڵەوە پێداویستی و پێشمەرجی گەیشتنە بە ژیانێکی ئازاد، واتادار و بەختەوەرانە. هەروەها، بە هۆی ئەوەی کەژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان بە ژیانی سیاسیی نەتەوەکانیانەوە بەستراوەتەوە، سەربەخۆیی و بەختەوەری نەتەوەکان پێشمەرجی ئازادی و بەختەوەری ئەندامانی ئەو نەتەوەیەیە. لەم سۆنگەوە، سەربەخۆیی کوردستان وەک نیشتمانی دێرینی کورد پێویستی و ئامانجێکی سەرەکییە کە چارەنووسی مرۆڤ و نەتەوەی کوردی پێوە بەستراوەتەوە.

ئەگەرچی هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی تا ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە ئاکامێکی ڕوون، لێ گوتاری سەربەخۆیی لە تەنیشت و تێکەڵ بە گوتارە سیاسییەکانی تر بە بەردەوامی هەبووە. ئەمڕۆ لە قۆناخێکداین کە گوتاری سەربەخۆییخوازی لە بەرژەوەندی گوتارە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەکانی تردا خراوەتە پەراوێزەوە بە چەشنێک کە دۆزینەوەی ژێدەرەکانی پەیوەندیدار بەم مژار و ئامانجە سەرەکییەوە تا ڕادەیەک نادیارن. بە مەبەستی هەنگاونان لە پێناو چارەسەری ئەم کێشەیەدا، پرۆژەی ماڵپەڕی گوتاری کوردستانی سەربەخۆ ئەو وتار، کتێب، بەڵگەنامە دەنگ و ڕەنگییانە کۆ دەکاتەوە کە پەیوەندی بە سەربەخۆیی کوردستانەوە هەیە.

ماڵپەڕی سەربەخۆیی لە ڕوانگەیەکی سەروو-حیزبایەتی و «سەروو-ئایدیۆلۆژی»، و بە خۆبەدوورگرتن لە هەر هەوڵێک کە مەترسی لەتلەتبوون و نایەکگروویی تێدا بێت، هەوڵ دەدا تەنیا بە پێوەری بابەتیانە، بە چەند زمان و لە بواری جۆراوجۆردا کاری پەیوەندیدار-بە-سەربەخۆیییەوە کۆ بکاتەوە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە وەک مەکۆیەک کارئاسانی بکات بۆ ئەوەی هەر کەسێک بتوانێت بە شێوەی سەرهێڵ و بەخۆڕایی دەستی بە سەرچاوەکان لەمەڕ سەربەخۆیی ڕابگات. بەم چەشنە، بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆژەیە هیوادارن کە ئەم هەنگاوە بتوانێت نەک تەنیا ببێتە هۆی سەقامگیری و پەرەپێدانی گوتاری سەربەخۆییخوازی بەڵکوو هاوکاتیش وەک پردێکی پەیوەندی ببێتە سەکۆیەک بۆ هەموارکردنی پەیوەندیی نێوان تاک، ڕێکخراوە و گرووپە سەربەخۆییخوازەکانی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەم پرۆژەیە پێشوازی لە هاوکاری و هاوپشتی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دەکات.

دەستپێشخەرانی پرۆژە

دەستپێشخەرانی ئەم پرۆژەیە بریتین لە «تاهیر خالیدی» و «سیروان ڕێناس».

پێوەرەکانی بڵاوکردنەوەی بابەتەکان

  1. بابەتەکە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەربەخۆیی کوردستانەوە هەبێت. دەکرێت بابەتەکە باس لە سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستان (بۆ نموونە ڕۆژهەڵات) یان هەموو کوردستان بکات.
  2. پەیوەندی ڕاستەوخۆ: مەبەست ئەوەیە کە بابەتەکە لەسەر سەربەخۆیی (سەرزەمینی) کوردستان بێت.
  3. پەیوەندی ناڕاستەوخۆ: مەبەست ئەوەیە کە بابەتەکە لەسەر مژارە پێویستەکان بۆ ئەم سەربەخۆیییە بێ، لەوانە سەربەخۆیی هزری و ئابووری: نووسەر باسێکی لەسەر مێژووی هزر لە کورد و کوردستان کردووە و گرنگی ئەمەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان باس کردووە یان نووسەر باسی گەڵاڵەکردنی ئابووری سەربەخۆی کردووە و ئەمەی وەک پێداویستییەک بۆ سەربەخۆیی کوردستان باس کردووە یان خوێندنەوەیەکی سەربەخۆی لە مێژووی کورد کردووە.
  4. بابەتەکان هەموو بوارەکانی خوێندن و توێژینەوەی ئەکادیمی لە خۆ دەگرن و بۆ لقێکی تایبەت کورت ناکرێنەوە. بۆ نموونە، فەلسەفە، سیاسەت، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، ئابووری، تەکنۆلۆژیا، مێژوو و تاد.
  5. بڵاوکردنەوەی بابەتەکە کێشەی پێشێلکردنی کۆپی ڕایت بۆ ماڵپەڕ و پرۆژەکە دروست نەکات. ئەمە بە تایبەت زۆرێک لە کارە ئینگلیزییەکان دەگرێتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی داخستنی ماڵپەڕەکە.
  6. ئەگەر کەسێک یان ناوەندێک پێی وایە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان کارێکمان بڵاو کردووەتەوە، تکایە لە بەشی پەیوەندییەوە ئاگادارمان بکەنەوە کە بابەتە لابەرین.
  7. بابەتەکان پێویستە بە شێوەیەکی گشتی میتۆدی ئەکادیمیان تێدا ڕەچاو کرابێت.
  8. بابەتەکان، کتێب، وتار، ڤیدیۆ، دەنگ، وێنە، و بەڵگەنامە لە خۆ دەگرن.
  9. بابەتەکان بە هەر زمان و شێوەزارێکی کوردی بن بڵاو دەکرێنەوە. دابەشکاری بەشی کوردی تەنیا بە پێی ئەلفوبێیە. زمانە سەرەکییەکانی تر لە ماڵپەڕەکەدا بریتین لە ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی، و فارسی. لە دەرەوەی ئەو زمانانە ئەگەر بابەتی گرنگ هەبوو ئەو هەمدیسان بڵاو دەکرێتەوە بەڵام هەتا ئێستا بەشێکی تایبەت بۆ زمانەکانی تر تەرخان نەکراوە.
  10. بابەتێک ئەگەر تەنانەت لەمەڕ سەربەخۆیی کوردستانیش بێ، پێویستە لە دەرەوەی پشتگیری و پڕوپاگەندە بۆ کەسێک، گرووپێک، ئایینێک، و پارتێکی سیاسی دیاریکراو بێت.
  11. بابەتەکە لە لایەن هەر کەسێکەوە نووسرابێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەسایەتی نووسەر یان پێگەی و بۆچوونی سیاسی نووسەر، بڵاو دەکرێتەوە.
  12. ئەم پرۆژەیە بەرپرسە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوە و بڵاونەکردنەوەی بابەتەکان. واتە، ئەگەر بابەتێک لە لایەن کەسێکەوە دەنێررێت بۆ ماڵپەڕەکە و بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەکە بە هەر هۆکارێک بڵاوی ناکەنەوە، ئەو کەسە دەتوانێت داوای پەیوەندی ڕاستەوخۆ بکات بۆ ئەوەی پێی ڕابگەیەنرێ کە بە چ هۆکارێک بابەتەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
  13. ئەگەر بابەتێک لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە کە لە ڕوانگەی سەربەخۆییخوازییە جێگەی ڕەخنەیە و باشترە لەم پرۆژەیەدا بڵاو نەکرێتەوە، تکایە ڕەخنەکانتان بنێرن و بۆمان بنووسن کە بە چ هۆکارێک پێویستە ئەم بابەتە لا ببرێت.